ھەست دەکرێ ناوەندە دینییەکە زیاتر مامەڵەیەکی ئاسۆیی لەگەڵ قەدردا دەکات، واتە دەرفەتێك بۆ زیاترکردنێکی ژمارەیی خواپەرستی و ئەنجامدانی سرووتەکان، لەکاتێکدا خوێندنەوە ستوونی و ئیلھامبەخشە قوڕئانییەکە، سەرنجمان بەرەو تێڕامان و چوونەوە نێو خۆ و پێویستی دووبارە خۆبیناکردنەوە ڕادەکێشێت. بەو واتایەی، ئەگەر ڕەمەزان بە گشتی بە مانگێکی دژە ژەھر پێناسە بکرێت، واتە دەرفەتێك بۆ دەرکردنی ژەھری کۆبووەی ساڵێك لە جەستە و ڕۆح و دەروونی باوەڕداردا، ئەوا دە ڕۆژی نوورینی کۆتایی ئەم مانگە پیرۆز و مرۆڤسازە، کە بە شەوانی قەدر ناسراوە، تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، ئەویش سوودوەرگرتنە لەو ئەركەی ڕەمەزان بۆ خۆخستنەبەر ئاوێنەی پەیامێك کە بڕیارە مرۆڤی باوەڕدار بە ئیلھام‌وەرگرتن لە قوڵایی و ئاماژەکانی ژیانی خۆی ڕێک بخات و ئاراستە بکات.

بیست ڕۆژ بەڕۆژوو  بوون، خۆگرتنەوە تەنانەت لە حەڵاڵەکان و شەونوێژ و خاوەندارێتی ڕۆحی و ئەخلاقی لەخۆ، مرۆڤ نەرم و ناسك دەکاتەوە، یاخود دەبێ وای لێ بکات. نەرمییەکی دەروونی و فیکری و ڕۆحی وا باوەڕدار بتوانێ بە کارنامەی ساڵێك و ئاسەوارەکانی شەپۆلی ژیان بەسەریدا بچێتەوە، لەڕوانگەی نموونە ستاندارە ئیسلامی و ئەخلاقییەکەی ژیان کردن و ئەوەی پێویستە وابین، دوبارە خۆی دابڕێژێتەوە.

چونکە وشەی قەدر، ھەروەك مامۆستا ناسری سوبحانیش ئاماژەیەکی پێ کردووە، لە خوێندنەوەیەکیدا واتای ئەندازەگیری دەگەیەنێت.

لێرەشەوە دەبێ مرۆڤ لەھەموو ئەو پڕژاوی و بێسەروبەری و فەوزا و ناڕێکیانە خۆی دوور بخاتەوە، کە  جەنجاڵی و سەرقاڵی و بێ‌ئاگاییەکانی ژیانی ڕۆژانە بۆی دروست کردووە و ناکۆکە لەگەڵ ژیانێکی ئامانجدارانەی تەڕ و پارا و ئامانج بڵند و ئاسۆ لێدیار و تەلاری ڕۆحی و فیکری و دەروونی و ئەخلاقی و بەگشتی ژیانی لار و ناڕێك کردووە.

کەئەوەش جگە لە بوێری ڕووخاندنی ئەوەی لە کەسێتیماندا پێویستی بە ڕووخاندنە، ھەروەھا دەستبەرداربوون و تێپەڕاندنی ئەو شتە نامۆیانەی تێکەڵ بە ژیان و بیرکردنەوەمان بوون و ھارمۆنییەتی لێسەندووینەتەوە، پێویستی بە دووبارە ھەڵسەنگاندنەوە و پێوانەکردنەوەی فیکر و کردارەکان و جۆری ژیانمان، بە سنوور و بەھا و بنەما و ئەندازەگیرییی نەخشە بنەرەتییەکە ھەیە، کە ژیانێکی شەڕافەتمەندانەی ئیسلامی و ئینسانی ستانداری بەر جەستە لە قوڕئان و سەرچاوە وشک نەبووەکانی خێر لەویژدانی زیندووی ئەخلاقی  مرۆڤایەتی و ھەستی جوانناسییەکی ناسك و پاک و ئاسمانی  دەیخوازێت.

لەڕوویەکی ترەوە، ئەگەر جگە لەو جیھانە ھاوبەشەی ھەمانە، بەگوتەی بیرمەندێك، ھەریەکەمان خاوەنی جیھانێکی تایبەت بەخۆشمان بین کە پانتایی و بەرینایی ئەو جیھانەش ئاست و ئاسۆکانی فیکرمان دیاری دەکات، دەبێ لەم دەرفەتانەدا دوبارە لە ئەندازەگیری ئەم بینایەش ڕابمێنین و دەستکاری بکەین، بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە داخۆ: بەھۆی داخراوی و دەمارگیری و سنوورداری فیکری و گوناھی پوکانەوەی عەقڵییەوە، لە قەدری خوا و فراوانی ئیسلاممان کەم نەکردۆتەوە؟ 

ئەم پرسیارە گرنگە بۆ ئازادکردنی تواناکانی ڕۆح و لەخۆگرتنی ڕەنگاوڕەنگی خواکردی ژیان و جیھان و گەردوون و تەنانەت کاراو گەورەکردنی دەزگاکانی لێپرسراو لە بەرھەم‌ھێنانی مەعریفە و چاوبڕینە ژینگەیەکی پاکتری ڕۆحی بۆ ھەناسەدان و تەندروستییەکی دەروونی زۆرتر.

بەم جۆرەش قەدر وەك ئەندازەگیری و خۆبەراوردکردن بە نەخشە بنەڕەتییەکەی ژیانی باوەڕدار، لەگەڵ قەدر وەك فەڕ و بەرەکەت و لوتفی خوایی و ڕێز و پلە و پایە و شایستەگی، تێکەڵ بەیەکتری دەبن و یەکتری تەواو دەکەن و ئاسۆیەکی ڕەنگاڵەتر دەخەنە بەردەمی موسوڵمانی ھوشیار بەخودی ئیسلامی و حەقیقەتی ژیان و مرۆڤ و جیھان، بۆ چێژبردن لەژیان و خۆ بەدەستەوەنەدان بە ڕووە ناشیرینەکەی واقیعی سەردەم.

چونکە کاتێك خۆمان لە داخراوی و لە قاڵبدان و فەوزای کات و حەز و چاوەروانی و حوکمدان و نرخ دابەشکردنی بێپێوەر و سەرپێیی ڕزگار دەکەین، جیھانە تایبەتەکەی خۆمان فراوانتر و ڕازاوەتر و ئەخلاقیتر دەکەین، بە نمە بارانی ڕۆح نوێکەرەوەی ڕەحمەتی ئیلاھی، تەڵخی چاویلکەکانمان دەسڕین وپاك دەکەینەوە، بۆ ئەوەی ڕاستی و ھەمە جۆرەییەکان و مافی ئەوانیتر لە ژیانا زۆرتر ببینین و ئامانجدارانەتریش بژین، قەدری خۆمان و ژیان و ئەوانی دی، واتە ھاوجۆری ئینسانیمان لا زۆرتر دەبێت.

چونکە مرۆڤ ناتوانێ گەورە بێت و بەقەدر و ڕێزەوە سەیری خۆی و ژیان نەکات، یاخود بەدیھێنراوەکانی خودا و لەپێش ھەموانیشەوە مرۆڤی لا گەورە و بەڕێز نەبێت.

ھەموو ئەمەش پێمان دەڵێت: قەدر شەوانی دوبارە ڕووکردنەوە ئاسمان و بینینی ئاسۆیەکی بەرزترە بۆ ژیان، چونکە لەدیدی یەکتاپەرستانەدا، مرۆڤیش بەدیھێنراوێکی ئاسمانییە، ھاوشێوەی قورئان لە چوارچێوەی حیکمەتێکی خودایدا، لە ئاسمانەوە دابەزیوەتە ئەم سەر زەویە، بۆیە گرنگە مرۆڤ بەتایبەتیش مرۆڤی باوەڕدار ئەم ڕیشە ئاسمانییەی خۆی بیر نەچێتەوە، بۆوەی بەرز بڕوانێ و بەرز بژی و بیر بکاتەوە و بە گەردنی بەرزیشەوە سەفەری ئەم ژیانەی کۆتایی پێبێنێت، مل بۆ ستەم و کەلتوری بەسووک سەیرکردنی ژیان و مرۆڤ لەبەرگە جۆراوجۆرەکانیدا و فەوزا و بێسەروبەری و نوقوم‌بوون لە گۆماوی جەبرەکانی ژیاندا، کەچ نەکات.

ئەوەش پێویستی بە ھۆشیاری خۆبیناکردنەوەی ناوەکی و قەدر سالاری و دڵبێداری و ھۆشیاربوون بە بەھا ڕێنیشاندەرەکان وپەیوەستبوونی ڕۆحی بەزاتی ھەقەوە ھەیە.